هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە ساتەوەختی هەڵاتنی سەربازێکی کۆریای باکورە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەنێو دەستڕێژی گوللـەی هاوڕێکانی ڕزگاری دەبێت و خۆی دەگەیەنێتە سنووری ئەو وڵاتەی بۆی هەڵدێت.
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت سەرەتا سەربازەکە بە سواری ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەرەو هێڵی سنووری نێوان هەردوو کۆریا دەڕوات، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی ئۆتۆمبێلەکەیەوە دادەبەزێت و بە پێ بەرەو سنووری کۆریای باشوور هەڵدێت.
لەو کاتەشدا سەربازە هاوڕێکانی دوای دەکەون و لە دووری چەند مەترێکەوە دەیدەنە بەر دەستڕێژی گوللـە، بە وتەی بەرپرسانی سوپای کۆریای باشور ٤٠ گولەی ئاڕاستە کراوە، بەڵام سەربازە هەڵاتووەکە بە برینداری ڕزگاری دەبێت و خۆی دەگەیەنێتە سنووری کۆریای باشور.
ئەو سەربازەی کۆریای باکور دوای گەیشتنی بە سنووری کۆریای باشوور بە برینداری، لەلایەن سێ سەربازی کۆریای باشورەوە کە بە سنگە خشە دەگەنە لای، ڕادەکێشرێتە پەناگەیەک و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکەن.
گوندی بانمانجومی گەشتیاری کە دەکەوێتە سنوری نێوان هەردوو کۆریا، ئەو ناوچەیەیە کە سەربازەکە لێوەی هەڵاتووە، تاکە ناوچەی سنووریشە کە سەربازانی هەردوو وڵات ڕوبەڕوی یەکتری وەستاون.
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕووداوەکەوە داوا دەکات، هەردوو وڵات ڕێوشوێنی باشتر بگرنەبەر تا ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای کۆریای باکور بە ئەنجامدانی دوو سەرپێچی لەو ڕوداوەدا تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند "سەرپێچی یەکەم تێپەڕاندنی هێڵی سنووری بووە بۆ ماوەیەکی کورت، دووەمیش تەقەکردن بووە لە ناوچەیەکی وا هەستیاردا".
دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکان بێجگە لە ساڕێژکردنی برینەکانی، دەیان کرمیان لە کۆئەندامی هەرسی سەربازەکەدا دۆزیوەتەوە.
لی کونک جونگ پزیشکی سەرەکی سەربازەکە دەڵێت، لە ماوەی ٢٠ ساڵی تەمەنی پیشەییدا وەک پزیشکی نەشتەرگەری تەنیا لە کتێبدا حاڵەتی لەو شێوەیەی بینیوە.
شارەزایان و پزیشکانی کۆریای باشور ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە زانیاری کەمیان لەبەردەستدایە لەبارەی دۆخی ژیانی دانیشتوانی کۆریای باکور، بەڵام دۆزینەوەی ئەو نەخۆشیانەی لە کۆئەندامی هەرسی سەربازە هەڵاتووەکەدا هەبوون، ئاماژەن بە خراپی دۆخی تەندروستی و خۆراکییان.
ململانێی کۆریای باکور و باشور دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابروودا، ئێستاش دوای نیو سەدە کۆریای باشور لە وڵاتێکی هەژارەوە بووەتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵام کۆریای باکور بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ڕوبەڕووی سزای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووەتەوە و وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، خەڵکەکەی لەڕووی گوزەران و ئازادییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدان.